پرسیار و وەڵام دەربارەى سیستەمى مۆنتیسۆرى
- ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى براندى هەیە؟
- ئەگەر سیستەمى مۆنتیسۆرى براند و وەكالەتى نەبێت، چۆن بزانم كام قوتابخانەی مۆنتیسۆرى باشە؟
- ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى تەنها بۆ باخچەى منداڵانە؟
- ئەگەر منداڵ ئازاد بێت و بە ئارەزووى خۆى بكات، چۆن لایەنى ئەكادیمى بەرەو پێش دەچێت؟
- ئەگەر منداڵەكەم پاش باخچە بچێتە قوتابخانەیەكەى ئاسایى، ئایا تووشى هیچ گرفتێك دەبێت؟
- ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى بەرنامەى خوێندنى تایبەت بەخۆى هەیە؟
- ئەگەر سیستەمى مۆنتیسۆرى تاقى كردنەوەى تێدا نەبێت، چۆن ئاستى قوتابی بزانین؟
- ئەگەر سیستەمى مۆنتیسۆرى ئهرکى ماڵهوهى تێدا نەبێت، ئاستى قوتابی دوا ناکهوێت؟
- ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى شوێنى منداڵى بەهرەمەندى تێدا دەبێتەوە؟
- ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى شوێنى منداڵى خاوەن پێداویستى تایبەتى تێدا دەبێتەوە؟
- ئاستى دەرچووانى سیستەمى مۆنتیسۆرى چۆنە بەبەراورد لەگەڵ سیستەمى ئاسایی؟
- ئهگهر پرۆژهکهتان قارانج-نهویسته، ئهدى بۆچى پاره وهردهگرن؟
ئایا سیستەمى مۆنتیسۆرى براند و وەكالەتى هەیە؟
سیستەمى پەروەردەى مۆنتیسۆرى بریتیە لە جێبەجێ كردنى ئەو فەلسەفەیە كە د. ماریا مۆنتیسۆرى لە چەندین كتێبى خۆى ڕوونى كردۆتەوە و براند و وەكالەتى نیە. هەروەك لە وێبسایتى كۆمەڵەى مۆنتیسۆرى ئەمریكى دا هاتووە:
"ناوى مۆنتیسۆرى نیشانەى بازرگانى (براند) نیە. هەر قوتابخانەیەك دەتوانێت ناوى خۆى بنێت مۆنتیسۆرى، بۆیە لێكدانەوە و جێبەجێ كردنى سیستەمى مۆنتیسۆرى جیاوازى هەیە لە نێو پرۆگرامەكان." | "The Montessori name is not trademarked. Any school can call itself Montessori, and programs vary in how they interpret and practice the Montessori approach." [1] |
لە ساڵى ١٩٦٧، دەستەى دادوەرى نیشانەى بازرگانى ئەمریكى ئەم بڕیارەى دا:
"وشەى مۆنتیسۆرى تەنها بایەخى وەسفى گشتى هەیە. بۆیە لە ئەمریكا و زۆربەى وڵاتانى دیكە، ئەم ناوە دەكرێت بە ئازادى بەكار بهێنرێت بەبێ پێدانى هیچ گارانتیەك، كەم یان زۆر، داخوا پرۆگرامەكە چەند لە بنەماكانى د. ماریا مۆنتیسۆرى پەیڕەو بكات." | "The term Montessori has a generic and/or descriptive significance. Therefore, in the United States and most other countries, the term can be used freely without giving any guarantee of how closely, if at all, a program applies Montessori's work." [2] |
لە بەڵگەنامەیەكى تر كە لە كۆڵێژى مامۆستایانى زانكۆى كۆلۆمبیا لە ئەمریكا بڵاو كراوەتەوە و وێنەیەكى لەسەر وێبسایتى كۆمەڵەى مۆنتیسۆرى ئەمریكى هەیە لە لاپەڕە ٢٥ دەڵێت:
"مۆنتیسۆرى نیشانەى بازرگانى تۆماركراو نیە. هەر لایەنێك یان كەسێك دەتوانێت قوتابخانەیەك بكاتەوە و ڕێكلامى بۆ بكات كەوا سیستەمى مۆنتیسۆرى بەكار دەهێنێت." | "Montessori is not a registered trademark. Any organization, or any individual, can start a school and advertise it as using the Montessori method." [3] |
لە وەڵامى پرسیارى "ئایا مۆنتیسۆرى وەكالەتى هەیە؟ كێ دەتوانێت قوتابخانەیەكى مۆنتیسۆرى بكاتەوە؟"، كۆمەڵەى بەڕێوەبەرانى مۆنتیسۆرى دەڵێن:
"ناوى مۆنتیسۆرى نیشانەى بازرگانى نیە و هەر كەسێك، ڕاهێنان و ئەزموونى هەرچەند بێت، دەتوانێت قوتابخانەیەكى مۆنتیسۆرى بكاتەوە." | "The term Montessori is not trademarked and anyone, regardless of training, experience or affiliation can open a Montessori school." [4] |
ئەگەر سیستەمى مۆنتیسۆرى براند و وەكالەتى نەبێت، چۆن بزانم كام قوتابخانەی مۆنتیسۆرى باشە؟
لەبەر ئەوەى سیستەمى مۆنتیسۆرى براند و وەكالەتى نیە و هەر قوتابخانەیەك دەتوانێت ناوى خۆى بنێت مۆنتیسۆرى، لەئەنجامدا ئاستى پەیڕەو كردنى فەلسەفەی مۆنتیسۆرى لەوانەیە زۆر جیاواز بێت لە قوتابخانەیەك بۆ قوتابخانەیەكى تر. بۆیە باشترین شێواز بۆ ئەوەى دایكوباوان بزانن كامە قوتابخانە باشترینە:
یەكەم: ئەندامێتى و متمانە بەخشین (Accreditation) لە لایەن کۆمەڵەیەکى مۆنتیسۆرى نێودەوڵەتى. ناسراوترینیان ئەمانەن:
- كۆمەڵەى مۆنتیسۆرى نێودەوڵەتى (Association Montessori Internationale)
- كۆمەڵەى مۆنتیسۆرى ئەمریكى (American Montessori Society)
- ئەنجوومەنى مۆنتیسۆرى نێودەوڵەتى (International Montessori Council)
باخچەى منداڵانى ژیان (مۆنتیسۆرى كوردستان) ئەندامە لە هەردوو كۆمەڵەى مۆنتیسۆرى ئەمریكى و ئەنجوومەنى مۆنتیسۆرى نێودەوڵەتى و لە هەمان كات دەرگا و كامێراى كراوەیە بۆ دایكوباوكان بۆ ئەوەى ببنە بەشێك لە قوتابخانەكەمان و سەرنجى ڕاشکاوانەى خۆیانمان پێ بڵێن دەربارەى پیادە كردنى فەلسەفەی مۆنتیسۆرى.