ستراتیجیەتى پەروەردە لە باخچەى منداڵانى ژیان
باخچەی منداڵانی ژیان ستراتیجیەتێكی دیاریكراوی هەیە بۆ پەروەردە و فێركردنی منداڵ، ئەوانەی خوارەوە چەند خاڵێكی سەرەكین.بە گوێرەی پێناسەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) تەندروستی بریتیە لە: "باری تەواوی دروستی جەستەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی، نەك نەبوونی نەخۆشی یان بێتوانایی".
باخچەى منداڵان پێویست نیە بۆ منداڵ بەمەرجێك دایكوباوك بزانن و بتوانن ژینگەیەكەى ئەوتۆ بۆ منداڵ دابین بكەن كە پێداویستیەكانى گەشەى جەستەیى و دەروونى و كۆمەڵایەتى و هزریى منداڵ ڕەچاو بكات.
تەندروستی جەستەیی
پێشینان گوتوویانە ئاوەزى دروست لە جەستەی دروستدایە، جەستەی دروستيش پێویستى بە خۆراكى دروست و خەوى دروست و جوولەى دروست و بیر كردنەوەى دروست و ژینگەى دروست هەیە:- خۆراك: لە باخچەكەمان تەنها خواردنی تەندروست دەدەینە منداڵەكانمان، بۆ ئەوەی منداڵەكانتان سەلامەت و تەندروست بن، باشتر وایە ئێوەش لە ماڵەوە هەمان خواردنەكانی ئێرەیان بدەنێ. هەوڵدەدەین منداڵ فێری ئەوە بكەین كە هەموو خۆراكێكی تەندروست بخوات.
- خەو: بۆ منداڵی تەمەنی باخچە وا چاكە شەوانە ١١-١٢ سەعات بنوێت، هەروەها پێویستە بەیانیان بەخۆی بە ئاگا بێت، واتە دەبێت شەوانە سەعات ٧ یان ٨ نوستبێت.
- جوولە: منداڵ ڕۆژانە پێویستى بە چەند سەعاتێك جوولەی چاڵاك هەیە.
- گەشەی جەستەیی: مانگانە كێش و درێژی منداڵەكان وەردەگرین و بەراوردیان دەكەین لەگەڵ ستانداردی جیهانی، هەركاتێك بزانین كێشی منداڵ مەترسی لەسەرە، جا بە زیاد بوون یان كەم بوون، ئەوا باوانی لێ ئاگادار دەكەینەوە.
- سەلامەتی جەستەیی: یاسای یەكەمی باخچەكەمان باس لەوە دەكات كە نابێت هیچ منداڵێك بە تەنها لە هیچ شوێنێك بێت، لە هەمان كاتدا ژینگەی گشتی باخچە بەجۆرێك دیزاین كراوە كە سەلامەتی منداڵ تا ئەوپەڕی ڕەچاو كراوە بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا ڕەنگە منداڵ بەربێتەوە و دەست و قاچی یان شوێنێكی ترى بریندار بێت... كاتێك منداڵەكەت دەهێنیتە باخچە، پێویستە تەسلیمی مامۆستایەكی بكەیت و لەكاتى ناردنەوەش، تەنها ئەو كەسانەى ڕێگە پێدراون دەتوانن منداڵ وەربگرنەوە.
- بەرگرى لەش: زۆربەى منداڵى ئێستا زوو زوو نەخۆش دەکەون بەهۆى کەمى بەرگرى لەشیان. هەندێك لە دایکوباوکان بە پێچەوانەى بنەماکانى شێوازى ژیانى تەندروست و چەمکى پاکوخاوێنى (hygiene hypothesis) ڕەفتار لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن.
- دروستی دەم و ددان: گرنگی بە سەلامەتی و پاك و خاوێنی ددانیش دەدەین، ڕێنمایی پێویست دەدەینە منداڵەكان، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە دكتۆر و شارەزا لەو بوارەوە دەكەین، تا پشكنینیان بۆ ئەنجام بدات.
- پۆشینی جوانكاری وەك گوارە و ملوانكە و مکیاج و شتی لەو جۆرە ڕێگە پێنەدراوە لەبەر سەلامەتی و تەندروستی منداڵ.
- جلوبەرگى منداڵ دەبێت بەشێوەیەكى ئاسایى بێت و بگونجێت بۆ یارى كردنى منداڵ و سەرنجڕاكێش نەبێت.
تەندروستی دەروونی
لامان زۆر گرنگە كە منداڵ هەست بە ئارامی بكات و وەك ئەوە وا بێت كە لە ماڵی خۆیدایە، ترسیشی لە هیچ نەبێت، بۆ گەیشتن و دەستەبەر كردنی ئەو ئامانجە، زنجیرە چاڵاكییەك لەگەڵ منداڵ ئەنجام دەدرێت (چێكلیستی وەرگرتنی منداڵ).
- مامۆستاكان هەمیشە بە شێوەیەكی نەرم و نیان لەگەڵ منداڵەكان ڕەفتار دەكەن و هەرگیز مامەڵەی توندیان لەگەڵ ناكەن.
- گریانی منداڵ بە شێوەیەكی زانستی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
- بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت منداڵ ئازارى هەستى منداڵێکى تر بدات، بۆ نموونە گاڵتە پێ کردن...
- شێوەی بڕینی قژی كوڕان دەبێت بە شێوەیەكی ئاسایی بێت واتە نابێت هەندێكی لە هەندێكی كەمتر بكرێت یان نەخشى پێ بكرێت.
تەندروستی كۆمەڵایەتی (هەڵسوكەوت)
هەر منداڵە و بەگوێرەی پێویست هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكەین، لەوانەیە یارمەتی هەندێكیان بدەین بۆ یاری یان هەندێك شتی تر و لەوانەیە بۆ هەندێكی تر جیاواز بێت.لێرە منداڵ فێری ڕەفتار و گوفتارى گونجاو دەكرێت، بۆ نمونە: هەست كردن بە بەرپرسیارێتی، هەستی لێبووردەیی، یارمەتیدانی یەكتری، داواكردنی ڕوخسەت كاتێك دەیەوێت یاری لەگەڵ منداڵێكی دی بكات...
چێژ وەرگرتن لە فێربوون
لە ڕێی ئەنجامدانی چاڵاكی سەرنجڕاكێش لەلای ئەو منداڵە، بۆ نموونە:
فێركردنی كارامەییەكانی ژیان
منداڵ ئامادە دەكەین بۆ ژیان، بۆ نموونە: بەخۆی جلی خۆی لەبەر بكات و پێڵاوی خۆی لە پێ بكات و دای بكەنێت، خواردن ئامادە بكات، قاپ شوشتن، چوونە توالێت و خۆ خاوێن كردنەوە، هەڵ گرتنەوەی ئەو یاریانەی كە یاری پێ دەكات...
كەسایەتی منداڵ
هەستیارترین تەمەن بۆ دروست بوونی كەسایەتی مرۆڤ تەمەنی ٢-٥ ساڵیە، بۆیە زۆر كار لەسەر بەهێزكردنی كەسایەتی منداڵ دەكرێت، وەك ئەوەی متمانەی بەخۆی هەبێت، پشت بەخۆی ببەستێت...
ئەگەر منداڵ لە لایەنی جەستەیی و دەروونى و كۆمەڵایەتی و هزرى... بەشێوەیەكى گونجاو گەشەى كردبێت ئەوا كەسایەتییەكى پتەو و بەهێزیشى دەبێت.
لایەنی ئەكادیمی
سیستەمى مۆنتیسۆرى پرۆگرامى خوێندنى تایبەت بەخۆى هەیە و هەر مامۆستایەك لە پلان بەگوێرەى ئاستى منداڵ دادەنێت و ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت:- هەستەوەرەكان (Sensorial)
- ژیانى كردارى (Practical Life)
- زمان (Language)
- بیركارى (Math)
- كەلتوور (Culture)
به زمانى ئینگلیزى:
زۆربەی دایك و باوكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە یەكەمجار گرنگی بە لایەنی ئەكادیمی بدرێت، بەڵام لای ئێمە لایەنی ئەكادیمی دوایین لایەنە و تەنها ئەو كاتە بایەخى پێ دەدرێت كاتێك كە منداڵ ئامادەیى تێدا بێت و حەز بكات.
پرسیاری دووبارە
- چۆن منداڵەكەم سەعات ٧ بنوێنم؟
- چۆن قەناعەت بە منداڵەكەم بێنم خۆراكی تەندروست بخوات و خۆراكی نا تەندروست كەم بكاتەوە؟
- چۆن وا لە منداڵەكەم بكەم هەموو جۆرە خواردنێك بخوات؟
- چۆن مامەڵە لەگەڵ گریانی منداڵ بكەم؟
- منداڵەكەم زۆر عینادە، چۆن مامەڵەى لەگەڵ بكەم؟
- منداڵەكەم چۆن فێرى زمانى ئینگلیزى دەبێت؟
- ئایا پێویستە منداڵ بچێتە باخچەى منداڵان؟
- چۆن ماڵەكەم بكەمە قوتابخانەى مۆنتیسۆرى؟
تێبینی: پێویستە دایك و باوك بەشداری خولی پەروەردە و ناساندنی سیستەمی مۆنتیسۆری بكات بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری هاوشێوە. ئەگەر بەشدارى ئەم خولە نەكەن، منداڵەكەتان بەگوێرەی پێویست سوود لە باخچەكەمان وەرناگرێت و ئەگەرى ئەوە هەیە زەرەرمەندیش بێت.